لەسەر میلیشیا هێرشبەرەکان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا حکومەتی عێراق و هەندێک لایەن تۆمەتبار دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئاگادارییەکی ئەمنی بلاوکردووەتەوە و حکومەتی عێراق و هەندێک لایەن تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری میلیشیاکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە.
بەپێی ئاگادارییەکە، میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن، بەردەوامن لە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.
دەشڵێت “هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی عێراقەوە بەردەوامن لە دابینکردنی پەناگەی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی کاریگەر بۆ ئەم میلیشیا تیرۆریستییانە”.
ئاماژەی بەوە کردووە، کایەی ئاسمانی عێراق کراوەتەوە و گەشتە بازرگانییە سنووردارەکان دەستیان پێکردووەتەوە، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی بیر لە گەشتی ئاسمانی دەکەنەوە لە رێگەی عێراقەوە، دەبێت ئاگاداری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بن کە بەهۆی موشەک، درۆن و پاشماوە تەقەمەنییەکانەوە لە کایەی ئاسمانی عێراقدا هەن.
نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق سەرەڕای فەرمانی جێهێشتن، بەردەوامە لە کارەکانی بەمەبەستی هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق. بەهۆی مەترسییە ئەمنییە گەورەکانەوە، هەوڵمەدەن لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر نزیک ببنەوە، ئەگەر تۆ هاووڵاتییەکی ئەمریکیت و پێویستت بە هاوکارییە، تکایە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بکە بە:
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: [email protected]
کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر: [email protected]
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هاووڵاتیانی ئەمریکی ئاگادار دەکاتەوە کە ئاستی هۆشداری گەشتکردن بۆ عێراق لە پلەی چوار دایە: گەشت مەکە، رێنمایی هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکرێت بەم شێوەیە: “لەبەر هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مەکە. ئەگەر لەوێیت، دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵە.