بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا
ئەمجارە بۆ چوارشەممەیە
بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا و بڕیارە چوارشەممە بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتنەکە دوێنی بوو، بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو.
نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکی رۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، “پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دواخست”.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆک بەڕێوەچوو.
راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێت، “183 ئەندامی پەرلەمان ئامادەبوون”.
“پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای پێشنیارکراوی ئەنجومەنی ئاوی نیشتمانی تەواو کرد و دەنگی لەسەر بڕیارێکی پەرلەمانی داوە کە حکومەت پابەند دەکات بە گەڕانەوە بۆ ئەو رێکارانەی وەرزی رابردوو سەبارەت بە بەرهەمی گەنم پەیڕەوی کردووە”، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، “ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای پێشنیارکراوی (ناوبژیوانی) تەواو کرد”.
پەرلەمان دوێنێ یەکشەممە دانیشتنی هەبوو، 189 ئەندام بەشدار بوون و دواتریش دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.