بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
"ئەمە کۆتایى شەڕەکە نییە"
نەتانیاهۆ: ئاگربەستەکە بە هەماهەنگی ئێمە بووە
وریا فەتاح
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە لە دواساتەکاندا پرس بە ئیسرائیل کراوە بۆ ئاگربەست، دەڵێت: ئاگربەستەکە بە هەماهەنگی تەواوی ئێمە بووە.
نەتانیاهۆ لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند،”ئەمە کۆتایی هەڵمەتە سەربازییەکە نییە، بەڵکو تەنیا وێستگەیەکە بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانمان.”
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە تاران لە کاتێکدا دەچێتە سەر مێزی دانوستان کە لە هەموو کاتێک لاوازترە.
نەتانیاهۆ بانگەشەى ئەوە دەکات کە ئێران لە هەموو مەرجەکانی پێشووی پاشەکشەی کردووە، لەوانە (هەڵگرتنی سزاکان، قەرەبووکردنەوە، کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ و ئاگربەستی لوبنان).
بە پێچەوانەی هەڕەشەکانی تاران، نەتانیاهۆ دەڵێت، ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تاران تەسلیمی واقیع بووە و دەستبەرداری داواکارییەکانی بووە.
ئەم قسانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە، کە ناوخۆی ئیسرائیل و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی نیگەران بوون لەوەی ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل رێککەوتنی لەگەڵ ئێران کردبێت، نەتانیاهۆ دەیەوێت بەم پەیامە بڵێت کە هێشتا کلیلی بڕیارەکان لای ئەوانە.