بە ڤیدیۆ
ئایا ئاگرەکەی حەمدانیە دەستی لە پشتەوە بوو؟
964+
زەید کۆچەر
دوای کەوتنەوەی ئاگرە گەورەکەی هۆڵەکەی حەمدانیە کە سەدان کەسی کوشت، ژمارەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە گوایە رووداوەکە دەستی لە پشتەوە بووبێت، بەڵام بەرگری شارستانی نەینەوا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گەنجێک لەکاتی ئاگرەکەدا لەبەردەم هۆڵەکە ماسکی بەستووە و هەردوو دەستی وەکو ئاماژەی “سەرکەوتن” بەرزدەکاتەوە.
لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەوە، عەقید سەعد خەتابی وتەبێژی بەرگری شارستانی نەینەوا بە 964ـی وت، “ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا گەنجەکە دەست بەرز دەکاتەوە هیچ مانایەکی نییە، تەنیا ئەو کەسانە لێی دەکۆڵنەوە و قسەی لەسەر دەکەن کە زۆر خەمبار و دڵگرانن”.
وتیشی، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان کە هێشتا بەردەوامن، تاوەکو ئێستا پێیانوایە یاری ئاگرین هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بووە.
شەوی 26 لەسەر 27ـی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، لەکاتێکدا کە نزیکەی هەزار کەس لەناو هۆڵەکەدا بوون و ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بەڕێوەدەچوو، ئاگر کەوتەوە و کارەساتی خوڵقاند، سەدان گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.