لەلایەن ئێرانەوە

موڵک و ماڵى بەڕێوەبەرى کەناڵى “ئێران ئینتەرناشناڵ” دەستى بەسەردا گیرا

وریا فەتاح

بە فەرمانى دەسەڵاتى دادوەرى ئێران، دەستبەسەر هەموو سەروەت و سامانی “مەحمود عەنایەت” بەڕێوەبەری کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵدا گیرا.

ئاژانسى هەواڵى ئیرناى ئێرانى بڵاوى کردەوە، تاران کەناڵەکە بە “سەهیۆنی و دژە ئێرانی” ناو دەبات و مەحمود عەنایەتی تۆمەتبار کردووە بەوەی “بە شێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام دژی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران کاری کردووە.”

بەپێی راگەیەندراوەکە، تاوەکو ئێستا 34 موڵک و دارایی جیاواز ناسراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە، کە بریتین لە:

چەندین پارچە زەوی بە نرخ و جیاواز.
چەند کێڵگەیەکی کشتوکاڵی، خانوو و شوقە.
چەندین باخی گەورە.
کارگەیەک و چەندین دارایی تر.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی کۆى موڵکەکانی تری ئەو کەسە لە ناوخۆی ئێران بەردەوامە.