"دەتوانرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی گەشتیاری"
رەشەمێرگ؛ کانییە دێرینەکەی رانیە دوای ساڵانێک ژیاوەتەوە بەڵام بێ نازە
فەرمان مەلاحەسەن – رانیە
بەهاری ئەمساڵ خۆشە و ئەوە کانیانەی چەندین ساڵە تەڕاییان بەخۆیانەوە نەبینوە، ژیاونەتەوە و لە رانیەش کانییە دێرینەکە کە پێشینیان وەک گەرماو بەکاریان دەهێنا، ئاوێکی زوڵاڵ و جوانی لەبەر دەڕوا، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، بێ ناز کەوتووە و لەبەر زبڵ و خاشاک کەس تاقەتی نییە سەیریشی بکات.
بتوێن سەعید شارەزای بواری ژینگە بە 964ـی وت، “رەشەمێرگ مێژووێکی دێرینی هەیە و لەبیری ئێمەدا نییە، وەک دەڵێن جاران لە کاتژمێرێکدا نزیکەی هەزار مەتر سێجا ئاوی بەرهەمهێناوە و چەند گەڕەکێکی تێرئاو کردووە، هاوکات خەڵکی ئەو گوندانەی دەوری کێوەڕەش وەکوو گەرماوێک بەکاریان هێناوە و ئیش و کاری رۆژانەی خۆیان پێکردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەباشی ژیاوەتەوە و پڕئاو بووە، بەڵام نزیکەی 100 تۆن خۆڵ و خاشاک لە دەوری رۆکراوە و بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە.
بتوێن سەعید وتیشی، ئەگەر حکومەت گرنگی پێ بدات دەتوانرێت بکرێتە ئەکوا پارک و شوێنێکی گەشتیاری و داهاتیش دەگەڕێنێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری