دیمەنی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی هەولێر _ وێنە:964
دوو برینداری رووداوەکەی حەمدانیە لە کوردستان گیانیان لەدەستداوە
964+
ئەحمەد مستەفا
تا نیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 67 برینداری رووداوەکەی حەمدانیە هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی دهۆک و هەولێر، وەزیری تەندوستی دەڵێت، “دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە”.
ژمارەی زۆری بریندارەکان لە %60ی جەستەیان سووتاوە بە پلەی جیاواز و 20 برینداری سووتان لە دهۆکن و سەرجەم بریندارەکانی دیکە هێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.9.2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، “بریندارەکان کە زۆربەیان سووتاون دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە”، هەر بۆیە وتی، ” دوو لەو بریندارانە کە ژنێکی تەمەن 30 ساڵ بووە لە دهۆک و منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە”.
بە وتەی وەزیری تەندروستی بێت، ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزای حەمدانیە لە پەیوەندیدان تا هەر بریندارێکی دیکە پێویستی بە چارەسەر هەبێت، بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بگوازرێنەوە.