70 وێستگەی سوتەمەنی لە بەسڕە بە پێنج ملیار دینار سزا دەدرێن

+964

دیسکی عەرەبی

بەهۆی کەڵەکەبوونی نزیکەی پێنج ملیار دیناری عێراقی لەسەریان، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەسڕە فەرمانی بۆ راگرتنی 70 وێستگەی سوتەمەنی دەرکردووە، کۆمەڵەی بەرگریکار لە کەرتی نەوتی بەسڕەش دەڵێت، بەڵگەی یاسایی بۆ سەرپێچیکردنیان بەردەست نییە.

بەپێی زانیارییەکانی +964 کە لە کۆمەڵەی بەرگریکار لە کەرتی نەوتی بەسڕە دەستیکەوتووە، کۆبوونەوەی ئەو پارەیە هی سزای داراییە لەسەریان، سزاکەش بەپێی بەرنامەی چاودێریی ئەلیکترۆنی بەرهەمی (گازی شل) بەسەر وێستگەکاندا سەپێندراوە.

+964 دەزانێت، هەر وێستگەیەک بەستراوەتەوە بە سیستمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی، چاودێریی ئەو بارهەڵگرانە دەکات کە رۆژانە گازی شل پڕدەکەنەوە و لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستیی زانیارییەکان دەکات وەک ژمارەی ئۆتۆمبێل، جۆرەکەی و چەند زانیارییەکی تری هاتوچۆ.

حەیدەر ئەلمحەمەداوی، ئەندامی کۆمەڵەی بەرگریکار لە کەرتی نەوت لە بەسڕە، بە +964ـی راگەیاند، “تاوانی خاوەن وێستەگەکان نییە لە ئەگەری بوونی زانیاریی هەڵەی هاتوچۆ، چونکە ژمێرەی چاودێریی لە وێستگەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئۆتۆمبێلەکە بێ کێشەیە و دەتوانێت سوتەمەنی پڕ بکاتەوە”.

“جاران بڕی سزاکە ٣٥ هەزار بوو، بە چەند قۆناغێک ئێستا بووە بە ٢٦٠ هەزار دینار، بەپێی گرێبەستیش دەبێت هەموو مانگێک سزاکان بدرێن بە وێستگەکان، بەڵام ئەمجارە سزای 10 مانگ بەسەر یەکەوە نێردراوە”، حەیدەر ئەلمحەمەداوی وای وت.

+964 دەزانێت لە کۆمەڵەی بەرگریکار لە کەرتی نەوتی بەسڕەوە، وێستگە هەن ماوەی 10 مانگە راگیراون، بەڵام سزای ماددییان بۆ هاتووەتەوە، “هەرچەندە دادوەری تایبەتمەند داوای کردووە پاساوی یاسایی بۆ غەرامەکردنەکە پێشکەش بکەن، بەڵام تاکو ئێستا پێشکەشیان نەکردووە.”

+964 چەند بەڵگەنامەیەکی ئەو نوسراوانەی بە دەست گەیشتووە، کە لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەرچووە. بەڵگەنامەکان باس لە پلانێک دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی کۆمپانیاکە، لەناویاندا سەپاندنی غەرامە بەسەر وێستگەکانی سوتەمەنیدا.