دەیانەوێت لە شارەکەیان سپاردەى خاکیان بکەن
کۆییەکان داواى رووفاتى کەسوکارى ئەنفالکراوانیان دەکەنەوە
+964
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
152 روفاتى ئەنفالکراوان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان و لە پزیشکى دادى سلێمانین، هەرچەندە بڕیار دراوە لە چەمچەماڵ بنێژرێن، بەڵام کۆییەکان دەڵێن، بەڵگەیان لایە روفاتى ئەنفالکراوانى کۆیەى تێدایە، بۆیە دەیانەوێت لە سنوورى کۆیە سپاردەى خاک بکرێن.
دەشتی شەفیق کە یەکێکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستیاندایە، دەکرێت نیوەی روفاتەکان هی سنووری کۆیە بن و لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق تا بگەڕێنرێنەوە بۆ کۆیە نەوەک لە چەمچەماڵ بنێژرێن.
مەریوان عەبدولقادر یەکێکی دیکەیە لە کوسوکاری ئەنفالکراوان و بە 964ـی وت،” ئێمە بە هیچ شێوەیەک رازیی نین لەوەی ئەو روفاتانە لە چەمچەماڵ بنێژرێن و دڵنیاین لەوەی زۆرینەیان روفاتی تەقتەق و کۆیەن، بەڵام هێشتا ئامادەنین ئەو روفاتانەمان بدەنەوە.”
کەسوکاری ئەنفالکاراونی کۆیە داوا دەکەن سەرجەم 152 روفاتەکە لە سنووری کۆیە بنێژرێن، هەرکاتێک ناسینەوەیان بۆ کرا و دەرکەوت هەر کامێکیان خەڵکی ئەم سنوورە نین با بیانبەنەوە سنووری خۆیان.
سنووری قەزای کۆیە خاوەنی نزیکەی 900 ئەنفالکراوە و مۆنۆمێنتێکی تایبەت بۆ بەخاکسپاردنی ئەنفالکراوان هەیە و کەسوکاری ئەنفالکراوان چاوەڕێن روفاتی ئەنفالی سنوورەکانیان لەو شوێنەدا بنێژن.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا