ئەگەر پاسپۆرتەکەت ون بکەیت ئەم سزایە دەدرێیت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

پاسپۆرتی سلێمانی داوا دەکات ونکردن و تێکچوونی پاسپۆرت بە تاوان هەژمار نەکرێت و بەڕێوەبەرەکەی ئاشکرای دەکات زۆرترین کێشەی بۆ ئەوانە دروستکردووە کە لە دەرەوەی کوردستانن.

بەپێی بڕگەکانی 1 و 2 و 3ـی مادەی 10ـی یاسای ژمارە 32ـی ساڵی 2015ـی پاسپۆرتی عێراقی، کەسێک ئەگەر جاری یەکەم پاسپۆرتەکەی ون بکات یان بیدڕێنێت یاخود تەڕبێت و تێکبچێت ئەوا دادوەر دەتوانێت تا 250 هەزار دینار سزای بدات، جاری دووەم و سێیەمیش سزاکە دەچێتە سەر و یەک ملیۆن دینارەوە.

سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، کەسێک پاسپۆرت ونبکات یان بدڕێت یان تەڕبێت و تێکبچێت وەک تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لەبەردەم دادوەر دەخرێتە شوێنی تاوانبار و دەبێت شاهێدیشی هەبێت.

وتیشی، “کەسێک رەگەزنامەی عێراقی و کارتی نیشتیمانی ونبکات کە ناسنامەی عێراقیبونن لێپێچێنەوەی کەمی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پاسپۆرت کە لەسەر ئەو ناسنامانە دروستدەکرێت ونبکرێت تاوانە”.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت، “ونکردنی پاسپۆرت وەک تاوان دەچێتە دۆسیەی ئەو کەسەوە کە ونی دەکات و ئەگەر جارێکی تر تاوان بکات ئەوەی تری بۆ دەبێت بە پێشینەی تاوان”.

ئاشکراشی کرد، داوایان لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، هەوڵێک بدەن یاساکە هەموار بکەنەوە و چیتر ونکردنی پاسپۆرت وەک تاوان هەژمار نەکرێت.

“ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستانن کێشەی گەورەیان هەیە، چونکە ئەگەر پاسپۆرتیان ونکردبێت و لەوێش پاسپۆرتیان نەبێت ناتوانن بێنەوە و بچنە بەردەم دادوەر بۆ دەرهێنانەوەی و هیچ رێگاچارەیەکی تریشیان نییە”، سالار عەبدوڵا وای وت.

لینک و ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کارا...

لینک و ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کارا کرا