چەند مانگێکی پێدەچێت

“هەژماری من” لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی

فەرهاد حەسەن

وەزیری دارایی و ئابوری لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی “هەژماری من” رایگەیاند، پڕۆژەکە لە چەند مانگی داهاتوودا بە تەواوی دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتەکەیان و بەپێی ئامارەکانیش تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 168 هەزار موچەخۆر تۆمار کراون و 800 هەزار کەس موچەی مانگی پێنجیان لە رێگەی ئامێرەکانی  ATMـەوە وەرگرتوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” کۆبوەوە. لە کۆبونەوەکەدا هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی تاوتوێکرا.

بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو پڕۆسەیە بە تەواوی کۆتایی بێت و وەزارەتەکە سەرپەرشتی راستەوخۆی پڕۆژەکە بکات.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەت، بۆ موچەی مانگی (ئایار/5)ـی رابردوو، 800 هەزار کەس لە رێگەی 635 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) موچەکانیان وەرگرتووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبونی خێرای پڕۆسەکە لە هەرێمدا.

سەبارەت بە خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، لە کۆی 474 هەزار کەس، 418 هەزاریان تۆمارکراون و 220 هەزاریان کارتەکانیان وەرگرتوەتەوە.

لە ئێستاشدا تەنیا نزیکەی 50 هەزار موچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن، کە زۆربەیان میراتگری خانەنشینانن یاخود لە دەرەوەی کوردستان دەژین، هاوکات پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش بەردەوامی هەیە.

وەزیری دارایی، بانک و تیمە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ چارەسەرکردنی خێرای کێشەی ئامێرەکانی ATM و ئەو گرفتانەی خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنەوەی کارتەکانیاندا رووبەڕویان دەبێتەوە.

جەختیشی لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی تایبەت کردووەتەوە، بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی بەهۆی نەخۆشی و پەککەوتەییەوە ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.

پڕۆژەی “هەژماری من” پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گۆڕینی سیستەمی پێدانی موچە لە نەختینەوە بۆ دیجیتاڵی. لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، موچەخۆران دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی و کارتی مۆدێرن، کە رێگەیان پێدەدات لەبری نۆرەگرتنی درێژ، بە ئاسانی لە رێگەی ئامێرەکانی ATM موچەکانیان وەربگرن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەک قەرز و کڕینی ئۆنلاین وەربگرن، هەرچەندە هێشتا ئەو خزمەتگوزاریە كارانیە و ATMـەكان گرفتیان هەیە.

ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە شوباتی 2023 بە شێوەیەکی تاقیکاری لە هەولێر دەستیپێکرد و دواتر لە ئەیلولی هەمانساڵدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە رێکخستنەوەی کەرتی دارایی، زیادکردنی شەفافیەت و تێکەڵکردنی سیستەمی بانکیی هەرێمی کوردستانە بە سیستەمی دارایی جیهانی.