هەزاران کەس بێ سەروشوێنن

دانیال نزیکەی سێ هەزار کەسی کوشتووە

964+

ژووری هەواڵ

تائێستا دوو هەزار و 800 کەس لە زریانەکەی لیبیا گیانیان لەدەستداوەو هەزاران کەسیش بێ سەرو شوێنن، میسریش ترسی لێ نیشتووە، چونکە زریانەکە رووی لەو وڵاتەیە.

حکومەتی لیبیا رایگەیاندووە چەند گەڕەکێکی شاری دەرنە بە تەواوی لەناو دەریادا بزر بوون و ئێستا شارەکە وەک شارێکی لێقەوماو ناسێنراوە.

زریانی دانیال رۆژی یەکشەممە گەیشتە کەناراوەکانی لیبیا و یەکەمجار رووی لە شاری دەرنە کرد کە زیاتر لە 200 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێیە، زەرەرمەندترین شارەکانیش بریتین لە دەرنە، سوسە، مەرەج و بەنغازی.

لە چەند سەعاتی یەکەمی زریانەکەدا 250 ملیم باران داباری و بەهۆیەوە لەفاوێکی زۆر هەستا، هەروەها لە ناوچەی (جەبەل ئەخزەر) 400 ملیم باران باریوە، 40 ساڵە شتی لەو جۆرە لەو ناوچەیە رووی نەداوە، بەهۆیەوە لەچەند ناوچەیەکی لیبیا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراو قوتابخانە و فەرمانگەکان داخران.

ترسەکە ئەوەیە زریانەکە رووی لە میسرە و ئەگەر بەهەمان گوڕ بمێنێتەوە رەنگە کارەسات بخوڵقێنێت.

هەفتەی پێشوو زریانی دانیال رووی لە یۆنان و تورکیا کرد و پاشان بۆ لیبیا، هەموو ئەو وڵاتانەشی لەسەر دەریای ناوەڕاستن ترسی زریانەکەیان هەیە.

زریانی دانیال لە ماڵوێرانکەرترین زریانەکانە، باوبۆرانێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و خێرایی با تیایدا دەگاتە 70 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.