کاتییە و مەترسی هەیە
پردی رێگای پشتێنەیی ئاو بردی و رێگایەکی دیکە کرایەوە بۆ بارهەڵگرەکان
سیروان خورشید – خورماتوو
دوای ئەوەی لە چەند ۆژی رابردوودا بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی لافاوەوە پردی پشتێنەیی خورماتوو داڕما و بووە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی هاتوچۆ و ئەمڕۆ رێگاکە بەڕوی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا کرایەوە.
کردنەوەی رێگاکە بە شێوازێکی کاتییە و لە تەنیشت پردە رووخاوەکەوە رێگەیەکی خۆڵ دروستکراوە و بۆریی تایبەت بۆ تێپەڕبوونی ئاوەکە دانراوە تا هاتوچۆی بازرگانی بەردەوام بێت، بەڵام مەترسیی ئەوە هەیە بە بارانبارین و لافاوێکی دیکە، رێگە کاتییەکەش ئاو بیبات و جارێکی تر هاتوچۆ پەکی بکەوێتەوە.
ئەم رێگەیە شادەماری بەستنەوەی بازرگانییە لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بە داخرانی جوڵەی کاڵا و شتومەک و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بە تەواوی پەکدەخات.
لە چەند رۆژی رابردوودا پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی شوێنەکەی کرد و بەڵێنی دا لەداهاتوویەکی نزیک بە شێوەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی پردەکە نوژەن بکرێتەوە و دروست بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی