کونجی دێرەلۆک تۆشی نەخۆشی بووە. وێنە کشتوکاڵی دێرەلوک
کونجی دێرەلۆک تووشی نەخۆشی بووە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
ئەو زەوییانەی لە دێرەلوک کونجی لێ چێندراوە، جۆرێک نەخۆشی رووی لێکردووە بەناوی نەخۆشی (phytoplasma).
نەخۆشیەکە ئەو کاتە پێی زانراوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە راوێژکاری کشتوکاڵی سەردانی چەند کێڵگەیەکی لە دێرەلۆک کردووە.
ئەمساڵ لە سنووری دێرەلۆک و شێلادزێ 700 دۆنم کونجی چێنراوە.
ستار سەرنی بەرپرسی راوێژکاری کشتوکاڵی دێرەلۆک بە 964ی وت، نەخۆشییەکە چەندین جۆرە، لەلایەن هەندێک مێڕۆ وەکو کرمی گەڵا بڵاودەبێتەوە، بەڵام کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی کونجییە، هێشتا زیانەکەی کەمە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت زیانەکانی زیاد دەبێت.
بەوتەی ستار سەرنی، هێشتا هەموو ئەو زەوییانەیان نەپشکنییووە کە کونجی لێ چێنراوە، لەچەند رۆژی داهاتوودا پشکنین بۆ هەموو زەوییەکان دەکەن.
ئەو راوێژکارەی کشتوکاڵ دەڵێت، چارەسەر ئەوەیە دەرمان رێژبکرێت.
964 دەزانێت، ئەمساڵ لە سنوری قەزای ئامێدی بەراورد بە ساڵی پار بەرهەمی کونجی زیاتر چێنراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی کونجی زیاتر بێت لە 150 تۆن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی