نرخی تاخمێک تاوەکو 35 هەزار دەڕوات

یەکەم پاکێجی جلوبەرگی نوێی قوتابیان گەیشتە هەولێر

رێباز خدر – هەولێر

دوای ئەوەی وەزارەتی پەروردە، بڕیاریدا بە گۆڕینی جلوبەرگی قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئەمڕۆ یەکەم پاکێجی گەیشتە شاری هەولێر و نرخی تاخمێک لە جلەبەرگەش بۆ قوتابیان  تاوەکو 35 هەزار دەڕوات.

ئیسماعیل ئیبڕاھیم، بازرگانی جلوبەرگە لە شاری هەولێر بە 964 ی وت، ئەمڕۆ یەکەم وەجبەی جلوبەرگی نوێی قوتابیان گەیشتە دەستمان، کە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی  2026-2027 دیاریکراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، کە بە هەمان ڕەنگ و کوالێتیەوە دروستکراوە کە وەزارەتی پەروەردە داوای دەکات.

دەشڵێت “نرخەکانیان زۆر گونجاوە، کە لە 12 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاکو نزیکەی 35 هەزار دینار، ئەویش بەپێی کوالێتی جلەکە نرخەکان دەگۆڕێن”.

وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن گۆڕانکاری تەواوی لە جلوبەرگی قوتابیان کرد، هەر لە قۆناغی باخچەی ساوایان تاکو قۆناغی ئامادەیی، کە ڕەنگی پرتەقاڵی بۆ باخچەی ساوایان و ڕەنگی مەڕۆنی یان سور بۆ قۆناغی بنەڕەتی و ڕەنگی نیلی بۆ قۆناغی ناوەندی و ڕەنگی رەساسی بۆ قۆناغی ئامادەیی.

پێداچوونەوە ؛ فەرهاد حەسەن