بەنداوی باوەنوور-وێنە: 964+
ساڵێکە وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بەردی لێنەخراوەتە سەر بەرد
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بڕیاری دروستکردنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناحیەی باوەنووری سەر بە ئیدارەی گەرمیان دەرچووە، بەڵام هێشتا بەردێکی لێ نەخراوەتە سەر بەرد.
وێستگەکە بە جوڵەی ئاو کارەبا بەرھەم دەھێنێت، توانای بەرھەمھێنانی 50 مێگاوات کارەبای ھەیە، دەچێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی.
زیاتر لە ساڵێکە لە ناحیەی باوەنوور زەوی بۆ دابینکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار نەھاتوون دەست بەکارەکانیان بکەن، بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان وای وت.
حازم کەریم بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان بە964ى وت، “پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتمەند دروستەکرێت و لە وەزارەتی کارەباوە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە، لەماوەی رابردوودا درابوو بە کۆمپانیایەک، بەڵام دواتر لێی وەرگیراوەتەوە و ئێستا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمەش نازانین ھۆکاری دەستبەکارنەبونیان چیە، تاوەکو ئێستا ھیچ شتێکمان پێنەوتراوە، چاوەڕێین و بێن دەست بە کارکردن لە وێستگەکە بکەن.
بڕیارە چوار وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا بە جوڵەی ئاو لەڕێگەی خەزانەوە، لەھەر چوار ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ، دروستبکرێت، بەھەموویانەوە نزیکەی 250 مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن.