چەند ژنێکیان لەگەڵە
وەزارەتی ناوخۆ باندێکی نوێی بازرگانیکردن بە منداڵانی لەبەغدا هەڵوەشاندەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی ناخۆی عێراق بڵاویکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ورددا توانی یەکێک لە گەورەترین باندەکانی بازرگانیکردن بە منداڵان لە بەغداد دەستگیر بکات.
ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر راسپاردەی بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەنجامدرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەمیش جێبەجێ کرا، کە تێیدا ئەندامانی باندەکە دەستگیر کران، کە تیایاندا چەند ژنێکیان لەگەڵە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە دەستگیرکردنی ئەم باندە بەرهەمی هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی و داڕشتنی پلانێکی ئەمنیی توندوتۆڵ بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە گورزە ئەمنییانەیە کە ئامانجیان بنبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بازرگانیکردنە بە منداڵان.
ئەوەش دووپاتکراوەتەوە، کە هەڵمەتەکانیان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەردەوام دەبێت و رێگە نادەن هیچ تاوانبارێک لە دەستی دادپەروەری رزگاری بێت و دەشڵێت “لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتبارەکان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن”.