داوای کردووە هەموولایەک هاوکاربن
پەرلەمان لەسەر کوژرانی ئەفسەر و پۆلیسەکەی بەغدا هاتەدەنگ و لیژنەی پێکهێنا
فەرهاد حەسەن
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی بەغدا پێکدەهێنێت کە تێیدا ئەفسەرێک بە پلەی عەمید و پۆلیسێک کوژران.
بەپێی ئەو بڕیارەی کە لە پەرلەمانی عێراقەوە بە واژۆی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەرچووە، لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوەی گشتگیر و پیشەیی لەسەر تەواوی وردەکارییەکانی رووداوەکە پێکهێندراوە و لیژنەکە دەسەڵاتی هەیە داوای زانیاری و بەڵگەنامە بکات و هاوکاری لە دەزگا ئەمنی و چاودێرییەکان وەربگرێت.
لیژنەکە ئەرکدار کراوە کە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی، راپۆرتی کۆتایی خۆی رادەستی پەرلەمان بکات، کە راپۆرتەکە دەبێت ئەنجامەکان، راسپاردەکان، و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان لەخۆ بگرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست.
هەڵپەساردن و راگرتنی سەرجەم ئەو رێکار و بڕیارانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان داویانە سەبارەت بە رووداوەکە، تا ئەوکاتەی لیژنە پەرلەمانییەکە کارەکانی تەواو دەکات و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەچێت، بە مەرجێک کاریگەری لەسەر ئاسایش و کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت نەبێت.
پەرلەمان، سەرجەم دەزگا جێبەجێکار و ئەمنییەکانی پابەندکردووە کە هاوکاری تەواوی لیژنەکەیان بکەن بە پێدانی زانیاری و بەڵگەنامە و ئاسانکاریکردن بۆ ئەندامانی لیژنەکە تاوەکو لێکۆڵینەوەکە بە خێرایی و وردی ئەنجام بدرێت.