لە گوندێکی باتیفا
شۆفێریکردن بەبێ ئاگای مەرگی منداڵێکی لێ کەوتەوە
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەگوندی “دوکەرێ” سەر بەقەزای باتیفا، باوکێک کاتێک ویستی ئۆتۆمبێلەکەی لەحەوشەی ماڵاوە بباتە دەرەوە، بێ ئاگابووە لەوەی کوڕە بچوکەکەی لەپشت ئۆتۆمبێلەکەیەتی، بەسەریدا رۆشتووە و دواتر گیانی سپاردووە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.6.2026 رووداوەکە لەو گوندەی باتیفا لە پارێزگای دهۆک روویداوە، وەک بۆ پەیامنێری 964 دەیگێڕنەوە، بە هاوار و دەنگی منداڵە زانراوە، لە ژێر ئۆتۆمبیلەکەدا بووە.
منداڵەکە ناوی عەبدوڵایە و باوکی پیشەی جوتیار و شوانکارە لەگوند، بەهۆی سەرختی برینەکەیەوە و دوای گەیاندنی بۆ فریاکەوتنی زاخۆ منداڵەکە گیانی سپاردووە، دواتر تەرمی بۆ پزیشکی دادی زاخۆ گواستراوەتەوە و رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە 964 وت، کاتێک منداڵەکەیان گەیاندە فریاکەوتنی زاخۆ، پزیشکان هەوڵیانداوە ژیانی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەرێگەدا گیانی لەدەستداوە و هەوڵەکان سوودی سەرکەوتوو نەبووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا