شەقامێکی خانەقین بووەتە رێگای مەرگ بۆ شۆفێران

زینوێ حەسەن

شەقامی یاریگە لە گەڕەکی برایەتی قەزای خانەقین زۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدا تۆمارکراوە، بە قسەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزاکەش هۆکارەکەی بۆ تیژڕەویی شۆفێران دەگەڕێتەوە.

لە ماوەی هەفتەیەکدا 5 رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی یاریگە، کە شەقامێکی سەرەکیی قەزاکەیە روویان داوە، کە بە هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.

حەیدەر وەلا بەڕێوبەری هاتوچۆی خانەقین بە 964 ی وت، هۆکاری ئەو هەموو رووداوە بۆ تیژڕەویی شۆفێرەکان دەگەڕێتەوە، ئەگینا رێگاکە دوو سایتە و و فراوانە .

لە ماوەی مانگی رابردوودا 35 بۆ 40 رووداوی هاتوچۆ لە قەزاکە روویانداوە، زۆرترین رووداو لە پێچەکانی شەقامی یاریگە و بازگەی باوەمەحمود بووە.

بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدان لە شەقامی یاریگە، زیاتر خۆکێشان بووە بە ستوونی کارەبای شەقامەکە لە لایەن ماتۆرسکیلەکانەوە.