لەسەر کورە خەڵوز دوو کەس دەستگیرکران
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
لە بێتواتە دوو کەس لەسەر دروستکردنی کورە خەڵوز بە نهێنی دەستگیرکران.
بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بێتواتە دوو هاوڵاتی دەستگیر دەکەن و دەڵێن، بە شێوەیەکی نایاسایی کورەی خەڵوزیان داناوە و چەندین داری سروشتییان بە مەبەستی دروستکردنی خەڵوز بڕیوەتەوە.
ناحیەی بێتواتە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە.
هەرێم زیاد، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بێتواتە بە 964ـی وت: ئاگادار کرایەوە لەوەی هاوڵاتییەک بە شێوەیەکی نایاسایی کورەیەکی خەڵوزی داناوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک داری سرووشتی بڕیوەتەوە.
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، دوو کەس دەستگیرکران و هاوکات کەسێکی تریش لەسەر هەمان دۆسیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
بە قسەی هەرێم زیاد بێت، هیچ کورە خەڵوزێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوونی نییە، ئەگەریش هەبێت ئەوا بە نهێنییە و پۆلیسی دارستان و ژینگە لێی ئاگادار نییە و هەر کاتێکیش زانیاریان پێ بگات ئەوا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
دەشڵێت: کورەی خەڵوز بەهەموو شێوەیەک نایاساییە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەهیچ کەسێک نادرێت کە کورەی خەڵوزی هەبێت، هەر کەسێکیش هەیبێت دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق