گەندەڵییەکەی جومەیلی قوڵتر بووەوە

ئەو پارەیەی لەژێر زەوی دەرهێنرا لە ژماردن نایەت

هەژان هادی

67 ملیار دینار و ملیۆنێک دۆلاری دیکەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیرا و پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینیش دەستگیر کرا.

دادگای باڵای تاوانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکان لە کەیسی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، 67 ملیار دینار و ملیۆنێک دۆلار دەستی بەسەردا گیراوە و بەشێک لەو پارەیە لە قوڵایی چوار مەتر لەژێر زەوی چەند ماڵێکدا دۆزراوەتەوە و دەرهێنراوە، بەمەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەرداگیراوە گەیشتە 98 ملیار و 11 ملیۆن دۆلار.

دادگا دەشڵێت، ئەمڕۆ لەسەر دانپێدانانی بریکاری وەزارەتی نەوت، رائید جەبوری پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەری ئێستای فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاکە دەستگیرکرا.

عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی دەستگیرکرا و لەناو ماڵەکەیدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و پارەدا گیرا.