تەندروستی راپەڕین دوو کارمەندی سەنتەری تیشک لە رانیەی سزادا
"لە رووداوەکەی ئەمڕۆ کەمتەرخەم بوون"
تەندروستی راپەڕین: دوو کارمەندی سەنتەری تیشک لە رانیە سزادران
964+
شۆڕش قادری
تەندروستی راپەڕین دوو کارمەندی سەنتەری تیشک لە رانیەی سزادا کە سەبارەت بە بریندارانی رووداوە هاتوچۆکەی ئەمڕۆ کەمتەرخەمیان نواندبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 23.6.2026 رووداوێکی هاتوچۆ لە رانیە بووەهۆى گیانلەدەستدانى چوار کەس و برینداربوونى سیانى تر، دوای گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە دەرکەوت دوو لە بریندارانی رووداوەکە لە سەنتەری تیشک بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر بەبێ چاودێری جێهێڵراون و هیچ کارمەندێک نەچووە بەلایانەوە، دواتر بۆ بەدواداچوون لە کەمتەرخەمیی کارمەندانی سەنتەری تیشکی رانیە لیژنەیەک پێکهێنرا.
کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، “دوای لێکۆڵینەوەی ورد، دەرکەوت، سەرەڕای ئەو خزمەتانەی پێشکەشی بریندارەکان کرابوو، بەڵام لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و دووبارەنەبونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە، لیژنەکە سزای بۆ کەمترین کەمتەرخەمی دەرکرد و دوو لەو کارمەندانەی کە بەکەمتەرخەم دیاریکران، سزادران و سزای ئاگادارکردنەوەش ئاراستەی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کرا”.
دەقی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین لە خوارەوە؛
روونکردنەوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەین تایبەت بەڕووداوی هاتووچۆی ئەمڕۆی شاری ڕانیە.
سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری کۆچکردوان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین ، هەروەها دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕانیە دەکەین کەدڵسۆزانە کاری خۆیان کرد لەبەهاناوەچونی بریندارەکانی ئەوکارەساتە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەوگرتە ڤیدۆیەش کەلەسەر سەنتەری تیشک لەڕانیە بڵاوکرایەوە بەڕێوەبەرایەتیمان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناو دوای لێکۆڵینەوەی ورد، دەرکەوت سەرەڕای ئەوخزمەتانەی پێشکەشی بریندارەکان کرابوو، بەڵام لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و دوبارەنەبونەوەی ئەو حاڵەتانە، لیژنەکە سزای بۆ کەمترین کەمتەرخەمی دەرکرد و دوو لەوکارمەندانەی کەبەکەمتەرخەم دیاریکران سزادران و سزای ئاگادارکردنەوەش ئاراستەی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کرا.