سۆراغی 964.. دوو پەرستارەکەی لە منداڵەکە دەدەن لەکار دوورخرانەوە
964+
فەرمان سادق
نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ لەسەر سەرەوژێرکردنی منداڵە ساواکە، هەردوو پەرستارەکە لە کارەکەیان دوور دەخاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 18.8.2023، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەتەوە کە وەک دەردەکەوێت، دوو پەرستارن سەرەوژێری منداڵێکی ساوا دەکەن و لێی دەدەن.
964، سۆراغی ڤیدیۆکەی کرد و لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانە قسەی کردووە.
سەرچاوەیەک ئیدارەی نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوەکەی بهێندرێت، ڤیدیۆکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا لەسەر ئەو ڤیدیۆیە هەردوو پەرستارەکە دەرکراون.
دەسڵێت: ئەو منداڵە تازە بە نەشتەرگەری لەدایکبووە، لەسەر داوای پزیشکی خۆی راستەوخۆ خراوەتە ژووری بوژانەوەی منداڵان لەناو هۆڵی نەشتەرگەری، ئەوەیشی ئەو دوو پەرستارە بۆ منداڵەکەی دەکەن لە رووە زانستییە پزیشکیەکەی پێیدەڵێن (Stimulation of newborn)، واتە هەناسەدانەوە بە نەخۆش.
زیاتر وتیشی “هەردوو پەرستارەکە لەسەر کردارەکە دەرنەکراون کە پزیشکەکە داوای لێکردوون، بەڵکو لەسەر وێنەگرتن لەناو هۆڵی نەشتەرگەری و بلاوکردنەوەی بێ وەرگرتنی رەزامەندی نەخۆش دەرکراون، کە ئەمانە قەدەغەن لەناو هۆڵی نەشتەرگەری”.
سەرچاوەکەی 964، ئاماژەی بەوەشکرد کە دایک و باوکی منداڵەکە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بوون، سکاڵایان لەسەر دوو پەرستارەکە نەبووە و داواشیان کرد کە لەکار دوور نەخرێنەوە، بەڵام نەخۆشخانە رێکاری بەرامبەر رەفتاری ئەو دوو پەرستارە گرتەبەر و دووری خستنەوە.
ڤیدیۆگرنی ئەو منداڵە لە کاتێکدایە بەپێی بڕیاری ژمارە (17037) کە لە 17.7.2022 دەرچووە و واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە، بە پشت بەستن بە بڕگەی 9 لە مادەی 3ـی یاسای مافی نەخۆش، وێنەگرتن و ڤیدیۆگرتن و وەرگرتنی لێدوان لە نەخۆش لەناو نەخۆشخانە گشتییەکان و ئەهلییەکان بێ رەزامەندی نەخۆش قەدەغەیە.