"با حکومەتی هەرێم ئاوڕی جدیمان لێ بداتەوە"
مامۆستایانی گرێبەستی کەرکوک جارێکی دیکە بۆ دامەزراندن هاتنەوە سەر جادە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
مامۆستایانی گرێبەستی کەرکوک کە موچەیان لەسەر هەرێمی کوردستانە و ژمارەیان زیاتر لە هەزار مامۆستایە، جارێکی دیکە هاتنەوە سەرجادە و داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی.
سۆران محەمەد یەکێک لە مامۆستاکان بە 964ـی وت، “لە بەردەم یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندی کوردی گردبووینەتەوە و دەمانهەوێ دەنگمان بگاتە بەغدا”.
“لە ساڵی 2014ـەوە لێرە دامەزراندن نەکراوە، بەڵام بۆ هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق لانیکەم 15 بۆ 20 هەزار مامۆستا دامەزراون و گرێبەستیان نەماوە، بۆیە ئێمەش دەمانهەوێ، لە بودجەی ساڵی داهاتوو جێمان بکرێتەوە و دابمەزرێندرێن”، مامۆستا سۆران وای وت.
ڤیان بەهرۆز یەکێکی دیکە لەو مامۆستایانە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاوڕێکی جددیان لێ بداتەوە، ئەو دەڵێت، “دوو ساڵە بە باشترین شێوە خزمەتی کەرتی پەروەردە دەکەین و حەقی خۆمانە مافی رەوای خۆمان وەربگرین و بکرێن بە هەمیشەیی”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری