چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت

رێکخراوی WFP دارستانێک لە ئاغجەلەر دروست دەکات

964+

بەهرە محەمەدئەمین

شاندێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە نوێنەرایەتی WFP، بە مەبەستی دروستکردنی پرۆژەی دارستانی ئاغجەلەر سەردانی شارەوانی ئاغجەلەریان کرد.

وەفدەکە لە نزیکەوە پرۆژەکەیان بینیوە و مەبەستیان بووە بەرچاو روونی زیاتر وەربگرن تاوەکو بیخەنە پلانی کاری ئەمساڵی رێکخراوەکەوە.

WFP گەورەترین رێکخراوی مرۆییە کە کاردەکات لە پێناو نەهێشتنی برسیەتی لە جیهاندا.

ئامانج جەوهەر سەرۆکی شارەوانی ئاغجەلەر بە 964ی وت، WFP لەم پرۆژەیەدا خەزانیکی گەورەی ئاو بۆ پرۆژەکە دروست دەکەن، لەگەڵ فراوانکردنی پانتایی پرۆژەکە لە هەشت دۆنمەوە بۆ نزیکەی 35 تا 40 دۆنم.

پلان وایە ئەم پرۆژەیە لەگەڵ بەنداوێکی بچوکدا بکرێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری بۆ ئاغجەلەر و هەم وەک هەنگاوێک بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئامانج جەوهەر وای وت.

سەرۆکی شارەوانی ئاغجەلەر روونیکردەوە، کات بۆ پرۆژەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی سروشتی پرۆژەکە دەکەوێتە وەرزی چاندنی نەمام کە لە نیوان مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمدایە و بە وەرزی پەڵە ناسراوە.

پرۆژەی دارستانی ئاغجەلەر تەمەنی ساڵێکە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە قۆناغە جیاوازەکانی پرۆژەکەدا ژمارەیەکی باش هەلی کار دەرەخسێنێت.

964 زانیویەتی شارەوانی ئاغجەلەر لە ماوی سێ ساڵی رابردوودا سێ هەزار نەمامی چاندووە، دەیەوێت هەڵکەوتە ستراتیژیەکەی ناوچەکە لە رووی گەشتیارییەوە بقۆزێتەوە.