لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
"هەڵسوکەوتەکەیان نامرۆڤانە بووە"
ئاسایش: لێکۆڵینەوە لە چوار پاسەوانەکەی بانکی مەڵکەندی دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی بانکی مەڵکەندی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، ئەو پاسەوانانە نامرۆڤانە هەڵسوکەوتییان کردووە و ئێستا راگیراون.
ئەوانەی راگیراون بۆ لێکۆڵینەوە چوار ئەندامی یەکەی بەرگری و فریاکەوتن بوون و ئێستا لەلایەن ئەنجومەنێکی هاوبەشی، دەزگای ئاسایش و یەکەی بەرگری و فریاکەوتن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ.
دەزگای ئاسایش لە راگەیەندراوی ئەمشەوی 15.9.2026 باسی لەوەکردووە، بەپێی دیسیپلین و رێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وە هەموو هاوڵاتییان دڵنیا دەکەیەوە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، راگیراوەکان رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15.9.2026، لە بانکی مەڵکەندی و لە سلێمانی چوار پاسەوان لەکاتی دروستبوونی قەرەباڵەغی و وەرگرتنی موچەی خانەنشینان دەرکەوت توندوتیژیان بەرامبەر ژمارەیەک موچەخۆر ئەنجامداوە و بە تۆماری ڤیدیۆی بڵاوکراویەوە، ئەوەش کاردانەوەی دروست کرد.
دەقی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی چەند پاسەوانێکی سەر بەلیوای بەرگری وفریاکەوتن لە بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە شێوەیەکی ناپیشەیی هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەیان بەرامبەر بەو خانەنشینە بەڕێزانە دەکەن کە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان سەردانی بانکەکەیان کردبوو، لەسەر راسپاردە و فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەم مەبەستە دەزگای ئاسایشی هەرێمی راسپارد بە هاوبەشی لەگەل لیوای بەرگری و فریاکەوتن بە پێکهێنانی ئەنجومەنی لێکۆلینەوە و بەدواداچون بۆ رووداوەکە، لەئێستادا چوار لە پاسەوانەکان راگیراون و بەپێی دیسیپلین و رێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
هەموو هاوڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، راگیراوەکان رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە بەپێی یاسا بەرکارەکان و هەرگیز لە هیچ جۆرە بێ رێزیکردن و شکاندنی شکۆی هاوڵاتییانمان چاوپۆشی ناکەین.