کەمپێکی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک - وێنە: 964
بەغدا دەیەوێت تا 10ـی مانگی داهاتوو هەموو کەمپی ئاوارەکانی دهۆک دابخات
هاوبەش ئەبوبەکر
بڕیارە تا رۆژی 10ی ئەیلولی ئەمساڵ سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک دابخرێن، بەڕێوەبەرایەتی کۆچی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت، بە زۆر ئاوارەکان نانێرنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15.8.2023، پیردەیان جەعفەر بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دھۆک بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 300 ھەزار ئاوارە کە 95%یان خەڵکی شنگالن لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکن.
وتیشی، بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەبێت سەرجەم کەمپەکان تا 10.9.2023 دابخرێن، بەڵام وەک سیاسەتی ھەرێم ئەوان بە زۆر ئاوارەکان نانێرنەوە.
بە وتەی پیردەیان جەعفەر، ئاوارەکان کێشەی ئەمنی و شوێنی نیشتەجێبوونیان ھەیە و حکومەتی عێراقیش کەمتەرخەمە بەرامبەریان.
دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان 30% ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەناو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین بەجۆرێک لە ھەولێر: 41%، سلێمانی: 19% و دھۆک: 40%.