محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران – وێنە ئەرشیف
محەمەد باقر قالیباف وادەڵێت:
“ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ شەڕ بکات ئێمەیش زۆر شارەزاین”
شۆڕش قادری
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران دەڵێت، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی بەتەواوەتی هەڵگیراوە و لە رۆژی هەڵگرتنی گەمارۆکانەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە.
قالیباف لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئەم قسانەی کردووە و دەڵێت، “ئێمە لەگەڵ دوژمنێکی بێ بەڵێن دانوستان دەکەین، هەرچی بۆ جەنگ ئامادەتر بین، دانوستان بۆمان ئاسانتر دەبێت، ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ شەڕ بکات ئێمەیش زۆر شارەزاین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز بەبێ باج تەنیا بۆ 60 رۆژە و لە هیچ بارودۆخێکدا لە وەرگرتنی مافەکانیان، لە گەرووی هورمز پاشەکشێ ناکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.6.2026 قەرار بوو هەردوو تیمی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر ناکۆکییەکانیان لە گەرووی هورمز گفتوگۆ بکەن، بەڵام سەرلە ئێوارە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، شاندە ئەمریکییەکە تەنیا لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری کۆدەبنەوە و هیچ جۆرە دانیشتن یان کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا لە ئارادا نییە.