قالیباف: تا دوا دڵۆپەی خوێن دەجەنگین
ترەمپ بۆ ئێرانییەکان: خۆتان چاک بکەن
شۆڕش قادری
ترەمپ داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکات رەفتارەکانیان چاک بکەن و ئەوانیش دەڵێن، تا دوا دڵۆپەی خوێن دەجەنگن.
کەمێک پێش ئێستا دۆناڵد تەرەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانی خۆیدا رایگەیاند، “با ئێرانییەکان رەفتار و هەڵسەوکەوتەکانیان چاک بکەن، حەز ناکەم کاتیان بۆ دیاری بکەم”.
پێش ئەو قسەیەی ترەمپ، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی رایگەیاند، “هیچکات لەگەڵ شەڕ نەبووین، بەڵام دەبێ هەمیشە ئامادەی جەنگ بین و تا گیانمان لە جەستەدایە پارێزگاری لە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بکەین، لەپاڵ ئەوەشدا رێگای دیپلۆماسی و دانوستان بۆ گەیشتن و چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانمان بەکاربهێنین”.
لەگەڵ ئەو شەڕە قسەیەی کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران ئەمشەو لە چەند گەڕەک و ناوچەیەکی هەولێر دەنگی گەورە بیسترا.
هاوڵاتیان لە چەند شوێنێکی جیاوازەوە وەک گەڕەکەکانی باداوە، هەولێری نوێ و دەورووبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا، شاوێس، مەلا ئۆمەر، پیرزین، بەستۆرە و سێبیران نامەیان بۆ 964 ناردووە و گوێیان لە دەنگی بەرز بووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی باس دەکرێت تێکشکانی درۆن بووە.
تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی لەوبارەیەوە نەداوە و نازانرێت بە دیاریکراوی هۆکاری دەنگەکان چی بووە.