کەی واژۆی دەکەن؟

بۆ رێککەوتنە نوێیەکە؛ عێراق 750 بەرمیل و تورکیا چاوی لە هەناردەی نەوتی هەموو عێراقە

ئەحمەد مستەفا

عێراق و توركیا لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنێكی نوێی تایبەت بە بۆری هەناردەی نەوتی كەركوك- جەیهان لەنێوانیان واژۆ دەكەن، بۆرییەكە بە هەرێمی كوردستان و باكوری كوردستان تێدەپەڕێ، عێراق دەیەوێت لەم قۆناغەدا ئاستی هەناردە بۆ 750 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە، توركیا چاوی لەوەیە جگە لە نەوتی كوردستان، نەوتی بەسرەو كەركوكیش بخرێتە ناو بۆرییەكە و ئاستی هەناردە لەم بۆرییەوە بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاد بكرێت.

ئەڵپ ئەرسەلان بایرەكتار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاندووە، عێراق دەیەوێت رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆری كەركوك- جەیهانەوە هەناردە بكات، ئەمەش بەگوێرەی رێككەوتنێك بۆ كارپێكردنی بۆرییەكە بۆ ماوەی ساڵێكی تر.

بۆری نەوتی كەركوك–جەیهان لە كێڵگە نەوتییەكانی باكووری عێراقەوە دەستپێدەكات و بە چەندین شار و ناوچەی سەرەكی عێراق و توركیادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە دەریای ناوەڕاست.هێڵەكە بە شێوەیەكی گشتی بەم ناوچانەدا تێدەپەڕێت:بەشی ناوخۆی عێراق (نزیكەی 350 كیلۆمەتر)كەركوك (خاڵی دەستپێك) هێڵەكە لە كێڵگە نەوتییە سەرەكییەكانی كەركوكەوە (وەك كێڵگەی باباگرگر و باێ حەسەن) دەستپێدەكات.

رێبوار محەمەد، پسپۆڕ لە گرێبەستی نەوت و غاز بە 964ی وت، رێككەوتنی ئێستای كارپێكردنی بۆرییەكانی نێوان عێراق و توركیا لەم مانگەدا كۆتایی دێت، هەفتەی رابردوو هەردوو وڵات گەیشتنە رێككەوتن بۆ كارپێكردنی بۆرییەكە بۆ ماوەی یەك ساڵی تر، وا بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا رێككەوتنێكی نوێ واژۆ بكەن.

دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێران و راوەستانی هەناردەی نەوتی عێراق لەرێگەی دەریاوە، زیاتر بایەخی بۆری نەوتی نێوان عێراق و توركیا دەركەوت، توركیا ساڵی رابردوو عێراقی لەوە ئاگاداركردەوە كە تەنیا نوێكردنەوەی رێككەوتنە كۆنەكەی ناوێت، دەیەوێت دانوستان لەسەر رێككەوتنێكی گشتگیرتر بكات.

هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عیراق- توركیاوە لە ساڵی 2023 راوەستا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، بڕیاریدا بەوەی توركیا قەرەبووی عێراق بكاتەوە.

بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆرییەكەدا راوەستاو دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیو، بەدیاریكراویش لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو دەستی پێكردەوە، توانای بۆرییەكە بەر لە راوەستانی رۆژانە 1.4 ملیۆن و بەرمیل بوو، رۆژانە نزیكەی 480 هەزار بەرمیلی پێدا هەناردە دەكرا.

داتاكانی كۆمپانیای بۆتاش-ی توركیا دەریدەخەن لەوكاتەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا دەستیپێكردووەتەوە، رۆژانە تەنیا نزیكەی 190 هەزار بەرمیل بەم بۆرییەدا هەناردە كراوە، شوباتی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق بڕیاریدا، بەوەی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم بۆرییەدا لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد، رێككەوتنی بۆرییەكەی پێشێلكردووە كە لە ساڵی 1976 لەنێوان هەردوو وڵات ئیمزا كراوە، بەهۆی ئەم پێشێلكارییەوە دادگاكە توركیای پابەندكرد بە پێدانی بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە عێراق.