دژەتیرۆری کوردستان:

“هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند”

شۆڕش قادری

ئەمشەو بە هەشت درۆن هێرش کرایەسەر هەولێری پایتەخت، هێرشەکان بێ زیانی گیانی تێپەڕین.

دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمشەو چوارشەممە 15.7.2028 لە کاتژمێرەکانی 20:53 تا 21:20، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەمشەو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر وەک باداوە، هەولێری نوێ و دەورووبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا، شاوێس، مەلا ئۆمەر، پیرزین، بەستۆرە و سێبیران چەند دەنگێکی گەورە بیسترا، هەرزوو ژمارەیەک لە هاوڵاتیان پەیوەندییان بە 964ـەوە کرد و وتیان کە هەستیان بە تێکشکاندنی چەندین درۆن کردووە.