"میدیاکانی ئێران راست ناکەن"

سێنتکۆم: هێرشمان نەکردووەتە سەر کۆگای گەنم

شۆڕش قادری

سوپای ئەمریکا هەواڵێکی میدیای ئێران سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کۆگایەکی گەنم لە پارێزگای خوزستان بەدرۆ دەخاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە دواین پۆستی خۆیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە ، دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن، رۆژی 14ـی تەموز ئەمریکا کۆگایەکی گەنمی مەدەنی لە شاری هۆوەیزە پێکاوە دوورن لە راستییەوە.

شاری هۆوەیزە لە رۆژئاوای پارێزگای خوزستانە و لە سنووری عێراقەوە نزیکە.

سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکانی دوێنێ سێشەممە 14.7.2026 تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانی لە بەندەر عەباس، ئەهواز، بوشەهر و چەند ناوچەیەکی تری پێکاوە، ئەمەش بە مەبەستی تێکشکاندنی تواناکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

دەشڵێت، لە هەمان کاتدا ئێران وڵاتانی دراوسێ و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج کە بە گەرووی هورمز تێدەپەڕن.