بەهۆی نەبوونی دیزاین ماوەی هەشت مانگە کارکردن لە شەقامی 60 مەتری وەستاوە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
دوای هەشت مانگ لە نەبوونی دیزاینێک بۆ شەقامی 60 مەتری بەحرکە تاوەکو ئێستا کاری تێدا نەکراوە.
جوتسایدی 60 مەترییەکەی بەحرکە لە 1.1.2023، لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە گوژمەی 380 ملیۆن بەردی بناغەی بۆ دانرا.
پڕۆژەکە ماوەی 280 رۆژی بۆ دانراوە بۆ تەواوکردنی، کە دەکاتە هەشت مانگ، بەڵام ماوەکە تەواو بووە و پڕۆژەکەش جێبەجێ نەکراوە.
مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی بەحرکە بە 964ـی وت، هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ بوونی دوکان و بەنزینخانە و زەوی دابەشکراوی هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە کە ئەندازیارەکان نەیانتوانیوە دیزانێکی گونجاوی بۆ دابنێن.
زیاتر وتیشی، ئێستا دیزاینەکەی بۆ کراوە و چەند رۆژێکە کاری تێدا دەکرێت.
شەقامی 60 مەتری بەحرکە، لە پشت ئاسایشی بەحرکە، واتە گەڕەکەکانی سەڵاح سیتی، ئەنفالان، ئازادی، مەلا یاسین و بەحرکەی نوێ، دەستپێدەکات تا کۆتایی دووسایدی بەحرکە و درێژیەکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت
مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی بەحرکە دەشڵێت: چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دیزاینەکەی لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پەسندکرا.
ناحیەی بەحرکە، دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای هەولێر و 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 150 هەزار کەس دەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق