رێگای بەری سارتکە دەبێتە رێگای جێگرەوە

بۆ ماوەی یەک هەفتە پردە سەرەکییەکەی ناو دوکان دادەخرێت

شۆڕش قادری

لە سبەی بەیانیی زووەوە، پردە سەرەکییەکەی ناو دوکان دادەخرێت و تاوەکو یەک هەفتە ناکرێتەوە، شۆفێران دەتوانن لەو ماوەیەدا بەسەر پردی دووەمی قەزاکە و بە رێگای بەری سارتکەدا هاتوچۆ بکەن.

قایمقامیەتی قەزای دوکان لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێران و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەڵێت، لە سبەینێ شەممەوە 19.9.2026 بۆ ماوەی یەک هەفتە پردی سەرەکی ناوەندی قەزاکە بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە دادەخرێت.

پردەکە هەردوو بەری قەزاکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رێگای هاتوچۆی شۆفێرانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارەی راپەڕین و دەشتی کۆیە.

دوای ئەوەی بەهەوڵی ئیدارەی قەزاکە و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان پێداویستی نۆژەنکردنەوەی پردەکە ئامادەکراوە، لە کاتژمێر 6:30 خولەکی بەرەبەیانی سبەینێوە پردەکە بەڕووی هاتوچۆدا دادەخرێت و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان دەست دەکەن بەنۆژەنکردنەوەی پردەکە و چاکسازی لە بەشەکانی بەیەکەوە بەستنی پردەکەدا دەکەن.

قایمقامیەتی قەزای دوکان دەڵێت، شۆفێران دەتوانن پردی دووەمی قەزاکە بۆ هاتوچۆ بەکاربهێنن و بە رێگای بەری سارتکەدا هاتوچۆ بکەن تا نۆژەنکردنەوەی پردە سەرەکییەکە، کۆتایی دێت.