"ویستوویانە پەلاماری خاڵێکی سەربازیش بدەن"

هێرشێکی داعش بۆ سەر تاوەرەکانی کارەبا لە نێوان بێجی و حەدیسە تێکشکێنرا

سیروان خورشید – خورماتوو

درەنگانی شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداری لە نێوان قەزای بێجی و ناوچەی حەدیسە لە سنووری هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و ئەنبار تێکشکێنرا کە چەکداران ویستبوویان تاوەرە سەرەکییەکانی کارەبای ناوچەکە بکەنە ئامانج.

محەمەد مەحمود، قایمقامی قەزای بێجی بە 964ـی وت، “ژمارەیەک چەکدار لەنزیک دوو تاوەری سەرەکی کارەبای سنوورەکە نزیک بوونەتەوە و لەهەمان کاتیشدا پەلاماری خاڵێکی سەربازی سوپای عێراقیان داوە و هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ وەڵامیان دانەوە و دوای ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان، چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون”.

وتیشی، شەڕەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشبەرەکان پاشماوە و شانە نووستووەکانی چەکدارانی داعش بوون و مەبەستیان بووە کە دوو تاوەری سەرەکی گواستنەوەی کارەبای ناوچەکە بکەنە ئامانج.

بەقسەی قایمقامی قەزای بێجی، لەئێستادا ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراوە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، سوپای عێراق هەڵمەتێکی فراوانی کێوماڵکردن لە سنوورەکەدا دەستپێبکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری