بانکی تانجەڕۆ. فۆتۆ: 964
یەکێکیان رەوانەی نەخۆشخانە کرا
ئەمڕۆ خانەنشینانی سلێمانی بە فێنکی موچەیان وەرگرت
+964
دیلان محەمەد جەزا
لە بانکی تانجەڕۆ ئەمڕۆ خێمە و فێنککەرەوە و ئاوی سارد بۆ خانەنشینان دابینکرا، بەڕێوەبەری بانکەکە دەڵێت، خانەنشینان تەمەنیان هەیەبە هەموو شێوەیەک هاوکاریان دەکەین.
تارا ساڵح بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ بە 964 وت، هەموو مانگێک خێمە و ئامێری فێنککەرەوە لە کاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی دابین دەکەن، بۆ ئەوەی گەرمایان نەبێت و دۆخی تەندروستیان تێک نەچێت.
وتیشی، خێمە و ئامێری فێنککەرەوەکانیان بە کرێ هێناوە، بەڵام لە مانگی داهاتوودا خێمە و 150 کورسیان بۆ دەکڕدرێت، بۆ ئەوەی بەردەوام لە سەرجەم وەرزەکاندا خانەنشینان ئەرک نەکێشن.
ئاماژەی بەوەش دا، لە بانکەکەیاندا هەشت هەزار خانەنشین موچە وەردەگرن، بۆ ئەمڕۆ نزیکەی سێ هەزار کەس موچەی وەرگرتووە و بۆ ڕۆژانی داهاتوو بەردەوامیی دەبێت.
لەسەر ئەم بابەتە سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964 وت، ئەمڕۆ حەوت تیمی فریاگوزاریان لە بانکەکان ئامادەبووە، بۆ هەر حاڵەتێکی تێکچوونی تەندروستی خانەنشینان، تەنیا یەک حاڵەت هەبووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دواتر رەوانەی ماڵەوە کراوە.
لە شاری سلێمانی نزیکەی 45 هەزار کەس موچەی خانەنشینی شارستانی لە شەش بانک و پێنج نووسینگەدا وەردەگرن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا