یانەی پێشمەرگەی سلێمانی. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
خولی بالەی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت
یادگار محەمەد – سلێمانی
بۆ وەرزی نوێ ی خولی بالەی یانەکانی عێراق، چەند گۆڕانکارییەک لە خولەکەدا ئەنجام دەدرێت.
لە دواکۆبوونەوەی خۆیدا فیدراسیۆنی بالەی عێراق، کە لە شاری بەغدا کرا، چەند بڕیارێک دەنگی لەسەردرا، لەو گۆڕانکارییانەش بۆ وەرزی نوێ هەر یانەیەک بۆی هەیە یاریزانێکی پیشەگەری هەبێت و ئازدایشە لەوەی ئەو یاریزانە پیشەگەرە لە هەر پێگەیەکی نێو یاریگەدا بێت، هەروەها لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە لەوەی کە رکابەرییەکانی وەرزی نوێ بە دوو قۆناغی هاتن و چوون ئەنجام بدرێن و بڕی پارەی داواکراویش بۆ بەشداریکردنی هەر یانەیەک سێ ملیۆن دینار دەبێت، هەروەک فیدراسیۆنەکە بڕیاری ئەوەشی داوە، خولی تازەپێگەیشتووانی یانە پلە نایابەکان لەگەڵ وادەی دەستپێکی خولی پێشکەوتووان بەڕێوەدەچێت.
ئازاد قادر سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق بە 964ـی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆبونەوەکەیاندا باس کراوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، تا ئەوان لەگەڵ نوێنەری یانە بەشداربووەکاندا کۆدەبنەوە.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، گرنگی بە کردنەوەی خولی تازەپێگەیشتووانی یانە پلە نایابەکان بدرێت، بۆ پێگەیاندن و پێشخستنی یاریزانانی یاریی بالە.
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا وادەی دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکە دیاریی نەکراوە.
وەرزی رابردوو یانەی گازی باشوور نازناوی خولی بالەی نایابی عێراقی بەدەستهێنا و یانە پێشمەرگەی سلێمانیش پلەی دووەم، هەروەها یانەی هەولێر پلەی چوارەمی بەرکەوت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا