زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ گرفتى ئاویان هه‌یه‌‌

هێشتا دوو گەڕەکه‌ به‌رزه‌كه‌ى دهۆك له‌ خه‌م نه‌ڕه‌خساون

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دواى زیاتر له‌ 30 ساڵ، ئاوى دهۆك ده‌ڵێت چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كه‌مئاویی دوو گه‌ڕه‌كى شاره‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ به‌هۆى به‌رزى شوێنه‌كه‌یان وه‌ك پێویست ئاویان پێنه‌ده‌گه‌یشت.

گەڕەکی گژەبەران، نزیکه‌ی هەزار و 200 ماڵ و گەڕەکی گەلی نزیکه‌ی 700 ماڵی لێدەژین و له‌ناو سه‌نته‌رى شاردا كه‌وتوونه‌ته‌ رۆژهه‌ڵاتى دهۆك.

كێشه‌ى له‌مێژینه‌ى ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌، به‌رزیى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنه‌كه‌یانه‌، كه‌ له‌كاتى به‌ردانه‌وه‌ى ئاو بۆیان، وه‌ك پێویست ئاویان پێنه‌ده‌گه‌یشت.

ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە 964ـی وت، تەنیا كێشه‌یان له‌ گەڕەکی گژەبەران هەبوو، بەڵام ده‌ڵێت، ئەویش چارەسەرکرا.

هه‌رچی خه‌ڵكی ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌یه‌، سه‌ره‌ڕاى چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ى حكومه‌ت، به‌ڵام ده‌ڵێن هێشتا كێشه‌ى كه‌مئاویان ماوه‌.

چه‌ند هاوڵاتییه‌ك له‌ دوو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بە 964 یان وت “پێش چەند هەفته‌یه‌ك دائیره‌ى ئاو پێیوتووین كێشه‌تان چاره‌سه‌ر كراوه‌، بەڵام هێشتا له‌ زۆربه‌ى ماڵه‌كانمان كه‌مئاوى هه‌یه‌”.

ده‌شڵێن “ئێستا كاتى پێدانه‌وه‌ى ئاویان گۆڕیوین، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ بۆمان”.

ڤەگێر ئەحمەد، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لە ماوەی 20 ساڵى رابردوودا، له‌ كاتى به‌یانیاندا ئاو بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ به‌رده‌درایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ كاته‌كه‌یان گۆڕیوه‌ بۆ شه‌وان.

روونیكرده‌وه‌، لە وەرزی هاویندا، ئاو زۆر به‌كارده‌هێندرێت و کەم ده‌بێت، بەردەوامیش بەدواداچوونى بۆ ده‌كه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن