ناتوانێت لەسەر پێ بڕوات

کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە

964+

دەریا ئەحمەد

جریوە جەنگی، کچێکی تەمەن 25 ساڵی دانیشتووی قەزای کۆیەیە، کە لە منداڵییەوە بەدەست نەخۆشی ئیفلیجی مێشکەوە (شەلەلی دەماغ) دەناڵێنێت و بەو هۆیەوە توانای ڕۆیشتنی لەدەستداوە، بەڵام ئەم دۆخە دژوارە نەبووەتە رێگر لەبەردەم خولیا و بەهرەکانیدا.

جریوە بۆ بەڕێکردنی کاتەکانی و سەلماندنی تواناکانی، لەناو ماڵەکەی خۆیدا سەرقاڵی کاری دەستییە و بازن و ملوانکەی رەنگاوڕەنگ دروست دەکات. بەپێی وتەی دایکی، جریوە بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە ناتوانێت بە خێرایی کارەکانی راپەڕێنێت، بە جۆرێک ئەگەر هاوکاری نەکرێت، نزیکەی کاتژمێرێکی پێدەچێت تا تەنیا یەک ملوانکە یاخود بازنێک تەواو دەکات، بەڵام بە گشتی خۆی پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی کارەکانی دەکات.

ئەم کچە دەستڕەنگینە، بە بەرهەمە ناوازەکانییەوە بەشداری لە فێستیڤاڵی خانمانی دەستڕەنگین لە کۆیە کرد، کە تێیدا سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی راکێشا و کڕیارێکی زۆر لەدەوری مێزەکەی کۆببوونەوە، ئەمەش دڵخۆشییەکی گەورەی پێبەخشی.

جریوە لە خێزانێکدا دەژی کە خاوەنی دوو برایە، و جیا لە خۆی، یەکێک لە براکانیشی بەهەمان شێوە بەدەست هەمان دۆخی تەندروستییەوە دەناڵێنێت و ئەویش ناتوانێت لەسەر پێیەکانی بڕوات، بەڵام جریوە دۆخی تەندروستی کەمێک لە براکەی باشترە و دەتوانێت بە گاگۆڵێ هاتوچۆ بکات و کارەکانی ئەنجام بدات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح