هەموو شتێک دەربارەی پەیماننامەی لۆزان بزانە
964+
ژووری هەواڵ
ئێرە کۆشکی رومینە لەشاری لۆزان، باڵەخانەیەک تەمەنی نزیکەی سەدە و نیوێکە.
رۆژی 24ی تەمموزی 1923-یە، لەیەکێک لە هۆڵەکانی ئەم کۆشکە و لەسەر مێزێكی بازنەیی نوێنەری نۆ وڵات دانیشتوون، قەڵەم بەدەست، واژۆ لەسەر رێککەوتنێک دەکەن کە 100 ساڵە تورکیا بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە نکۆڵی لەهەبوونی ناسنامەی کورد دەکات.
عیسمەت ئینونو، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا، چەند رۆژێک بوو لە کۆشکی روومین لەگەڵ (لۆرد کرزن) نوێنەری بەریتانیا لە گفتوگۆ بوون، مشتومڕی ئەوان لەسەر ویلایەتی موسڵ بوو، ئینونو دەیوت ئێمە راستە لەشەڕی جیهانی دۆڕاندمان و سێ ساڵ لەمەوبەر پەیماننامەی سیڤەرمان بەزۆر واژۆ کرد، بەڵام ئەمڕۆ تورکیا دەوڵەتێکی دیکەیە و نابێت بەهەمان چاو سەیرمان بکەن.
دواجار هەموو ئەو وڵاتانەی لە واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان بەشداربوون بەشی خۆیان برد و سودمەند بوون، لەناو پەیماننامەکە تەنانەت بەیەک وشەش باسی کورد و کێشەکانی نەکرا، ئیدی کورد تەنیا کەوت.
پەیماننامەی لۆزان 143 مادەیە, لە مادەی 39ی پەیماننامەکە هاتووە، حکومەتی تورکیا هیچ کۆسپێک ناخاتە بەردەم کەس کە لەژێر چاودێری تورکیادان، هەروەها ئازادن بە زمانی خۆیان بازرگانی و رۆژنامەگەری و خواپەرستی و چاپەمەنی و هەموو چالاکیەکی سیاسی خۆیان بکەن.
تورکیا دوای واژۆکردنی پەیماننامەکە تەواو پێچەوانەی پیت بە پیتی ئەو مادەیە مامەڵەی لەگەڵ کوردەکان و ئەرمەنەکانی ناو تورکیا کرد. کەمالیە نەتەوە پەرستەکانی تورکیا کەوتنە وێزەی کورد، زمان و کلتور و دار و بەردی کوردیان گۆڕی، وەک نوسەری کورد موسا عەنتەر دەڵێت، تەنانەت فیکە لێدان بە کوردیش قەدەغە بوو.
ئاگری جەنگی یەکەمی جیهانی چەند ساڵێک بوو کوژابویەوە، میراتی دەوڵەتی عوسمانی کە پێی دەوترا (پیاوە نەخۆشەکە) هەموانی سەرقاڵکردبوو، بەریتانیا و فەرەنسا و روسیا چاویان لە میراتی ئەو ناوچانە بوو کە پیاوە نەخۆشەکە داگیری کردبوون، لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتی موسڵ کە ناوچەکانی کوردستانی دەگرتەوە، بۆ بەریتانیا بایەخی تەواوی هەبوو، چونکە جگە لەوەی ئەو ناوچەیە ئاسایشی بۆ ئینگلیزەکان دابیندەکرد، ناوچەیەکی ستراتیژی بوو بۆ بەیەکەوە بەستنی عێراق بە سوریاوە، لەگەڵ ئەوانەشدا لەرووی نەوت و سامانی کشتوکاڵەوە ناوچەیەکی بەپیت بوو.
جگە لەوەی کورد پێی وایە غەدری لێکراوە، تورکەکان بەردەوام دەڵێن ئەوەی لەم نێوەندە ستەمی لێکراوە کورد و ئەرمەنەکان نین ئەوە ئێمەین.
لە 10ی ئابی ساڵی 1920 رێککەتنامەی سیڤەر مۆرکرا، لەوێش دیسان تورکەکان نائومێدانە لێی هاتنە دەرەوە، نەتەوە پەرستەکانی تورکیا کە پێیان دەوترا کەمالی هەژمونیان لەتورکیا لە چڵەپۆپە بوو، دەیانویست بەهەر نرخێک بێت قەرەبووی ئەو زیانە بکەنەوە کە بە لەدەستدانی بەشی زۆری خاکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دوچاریان هاتبوو.
با بگەڕێینەوە هۆڵی کۆشکی روومین لە شاری لۆزانی سویسرا:
عیسمەت ئینونو لەگەڵ نوێنەرانی فەرەنسا و بەریتانیا و یۆنان و چەند وڵاتێکی دیکە، چەند مانگێک بوو خەریکی مشتومڕ بوون و نەدەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێک، بەڵام وێستگەکان کۆتاییان نەهات، رۆژی 24ی تەمموزی ساڵی 1923 تورکیا لەگەڵ وڵاتە براوەکانی شەڕ گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی و بەمەش ئەوەی بۆ کوردەکان لە رێککەوتننامەی سیڤەر چێندرا، لەو پەیماننامەی لۆزان بەتەواوی لەباربرا.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بۆ چەندینجار دەسەڵاتدارانی حکومەتی تورکیا دەڵێن ساڵی 2023 رێکەوتننامەی لۆزان کۆتایی دێت و ئیدی ناوچەکانی ویلایەتی موسڵمان دەوێتەوە، سەری زمان و بنی زمانی دەسەڵاتدارانی تورکیا میساقی میللیە، ئەو میساقەی لەساڵی 1920 لە پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەردرا و شەش خاڵە.
تەنانەت ساڵی 2015 لە ریکلامێکی کەمپەینی هەڵبژاردندا، رەجەب تەیب ئەردۆگان بەروونی ئاشکرای کرد، کە ئەوان ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ بەخاکی تورکیا دەزانن و دەیانەوێتەوە، لە ریکلامی کەمپەینەکە چەند سەربازێک دەردەکەون لەبەردەم ئاڵای تورکیا و لە ناوچەیەکی موسڵ نوێژدەکەن.
سەدەیەک تێپەڕی، بەڵام لە هیچ قوژبنێکی پەیماننامەی لۆزان نەهاتووە ئەو رێککەوتنە بۆ 100 ساڵە، لەهیچ شوێنێکی دیکەی ئەو رێککەوتنە نەهاتووە دوای 100 ساڵ ویلایەتی موسڵ دەدرێتەوە بە تورکیا! ئەی تورکیا بۆ واز لەو ناوچەیە ناهێنێت؟