نوێژی هەینی لەوێ دەکەن

فرمێسک تکا هەر کاروانی ئەنفال گەیشەوە نوگرەسەلمان

سیروان خورشید – سەماوە

​لە ساتەوەختێکی پڕ لە ئازار و بێدەنگیدا، کە تەنیا دەنگی گریان و نزای پڕ لە سۆزی دایکانی شەهیدان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال تێکی دەشکاند، ئەمڕۆ کاروانی خەمبارانی ئەنفال سەردانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەیان کرد کە ساڵانێکە بێدەنگ، چیرۆکی ئەنفالکراوانیان لە باوەش گرتووە.

​ئەمڕۆ وەک هەموو جارێکی دیکە، ئازارەکان نوێ بوونەوە و ئەوانیش کە لە گەرمیان و شارەکانی دیکەوە دوای بڕیاری لە سێدارەدانی حەجاج بەڕێکەوتن بەرەو نوگرە سەلمان، ئەم بەیانیییە گەیشتنە جێ و بڕیارە نوێژی هەینی لەوێ بکەن.

دایکان و برا و خوشک و کەسوکاری ئەنفالکراوان، کە دەیان ساڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەی رووفاتی رۆڵەکانیانن، ئەمڕۆ لەبەردەم ئەو زەوییەدا وەستان کە گۆڕی بەکۆمەڵ و سیمبولی تراژیدیای گەلەکەمانی لێیە.

بە دڵێکی پڕ لە خەم و چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە، کەسوکاری قوربانیان بە کوڵ بۆ رۆڵەکانیان دەگریان، گریانێک کە وێنای هەموو ئەو ساڵانە بوو کە بە حەسرەتی بینینی کەس و کاریان تێپەڕیوە.

هەر فرمێسکێک کە لەسەر روومەتی ئەو دایکانە دەتکا، چیرۆکێکی جیاواز و پڕ لە سووتان و ئازاری هەبوو، باسی ئەو رۆژەی کە رۆڵەکانیان لێ ئەنفال کران و تا ئەمڕۆش کە لە دوورییان دەسووتێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا