دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت؟

شیکاریى هیوا مەحمود عوسمان بۆ کاندیدکردنى عەلى زەید: ترەمپ بازرگانە و عێراقیش بازرگانێکی بۆ سەرۆک وەزیران دیاریکرد

964+

وریا فەتاح

لە شیکارییەکى تایبەت بە 964، رۆژنامەنوس هیوا مەحمود عوسمان باس لە دیاریکردنی عەلی زەیدی وەک کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت:کەسایەتییەکی نەناسراو کە چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە لەبەردەم ئاڵنگارى قورسدایە کە ئاخۆ دەتوانێت حکومەت دروست بکات یان نا. لەبارەى هەرێمى کوردستانیشەوە هۆشدارى بە لایەنە سیاسییەکان دەدات،” ئەگەر بە یەکگرتووییەوە نەچنە بەغدا، دەستکەوتێکى کەم بۆ هەرێم دەهێننەوە”.

کەس پێشبینى نەدەکرد و کاندیدکردنى عەلى زەیدى پێشهاتێکى چاوەڕواننەکراو بوو

لە شیکارییەکەدا هیوا مەحمود عوسمان دەڵێت: “کەس پێشبینیی نەدەکرد عەلى زەیدى بکرێتە کاندید، چونکە کەسێکى نەناسراو بوو، تەنانەت ئەگەر لە ئینتەرنێتیش بەدوایدا بگەڕێیت، زانیارییەکی زۆر کەم و دیاریکراوی لەسەر هەیە و هیچ رابردوویەکی سیاسیی نییە.”

زەیدى لە شتێکدا لە کازمى دەچێت

دیاریکردنى عەلى زەیدى دەچووێنێت بە کاتی دیاریکردنی مستەفا کازمی و دەڵێت: “ئەوکاتیش لایەنە شیعییەکان نەیاندەتوانی لەسەر کەسێک رێکبکەون بۆیە کازمیان هەڵبژارد، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە کازمی کەسایەتییەکی سیاسی و هەواڵگری بوو و خەڵک دەیناسی.”

سەبارەت بە هۆکاری دیاریکردنی ئەم کاندیدە، هیوا مەحمود عوسمان پێی وایە ئەمە بێپەیوەندی نییە بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە گۆڕەپانی عێراقدا و دەڵێت: “پێدەچێت ئەم هەنگاوە لەژێر گوشاری ئەو نامەیەی ئەمریکادا بووبێت، کە هەڕەشەی سزادانی ئەو کەس و گرووپانەی دەکرد کە نزیکن لە ئێرانەوە یان پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە، یان هەڕەشەی راگرتنی ناردنی دۆلاریش بۆ عێراق جێگەی مەترسی بوو.”

ترەمپ بازرگانە و عێراقیش بازرگانێکى دیارى کرد

ئەو پێی وایە سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە شیعییەکان، کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لە دیاریکردنی زەیدیدا وەک “موجامەلەکردنێک بۆ ئەمریکا”. چونکە، “دۆناڵد ترەمپ کەسێکی بازرگانە، پێدەچێت عێراقیش ویستبێتی کەسێکی بازرگان بۆ ئەم پۆستە دیاری بکات، چونکە ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە عێراقی نوێ نابێت هیچ پەیوەندییەکی بەو گرووپە چەکدارانەوە هەبێت کە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بۆردومان دەکەن.”

پرسیارەکە ئەوەیە عەلى زەیدى دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت؟

بەوتەى هیوا مەحمود عوسمان، زەیدى لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگارى و بەربەستى گەورەدایە، پرسیارەکە ئەوەیە،””ئایا کەسێک بەبێ ئەوەی یەک کورسیی پەرلەمانیی هەبێت، دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت؟ ئایا چۆن دەتوانێت پێکهاتە جیاوازەکان قایل بکات؟”

هەرێمى کوردستان بە یەکگرتووى نەچێتە بەغدا کەمترین دەستکەوتى دەبێت

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کاندیدى سەرۆک وەزیرانی نوێ لەگەڵ هەرێم، هیوا مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا روون نییە زەیدی تا چ رادەیەک پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە، هەرچەندە رەنگە لە رووى بازرگانییەوە پەیوەندیی هەبووبێت، بەڵام تائێستا هیچ شتێکى دیاریکراو نییە.

هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و دەڵێت: پیرۆزباییەکانمان بینی کە لێی کرا، بەڵام بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان مافەکانی پارێزراو بێت، پێویستە لایەنە ناکۆکەکانی هەرێم پێکبێن و حکومەتی خۆیان دروست بکەن. دەبێت بەیەکەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن، نەک بە شێوەی تاک و تەرا، دڵنیام بەم ناکۆکییانەی ئێستای ناوخۆی هەرێمەوە، شتێکی زۆر کەممان لە بەغداوە دەست دەست دەکەوێت.”

هیوا مەحمود عوسمان: پەکەکە کاری خۆی کرد، نۆرەی تورکیای...

هیوا مەحمود عوسمان: پەکەکە کاری خۆی کرد، نۆرەی تورکیایە