بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ی کارەبا لە سلێمانی بۆ سێ مانگ درا

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبوونی 15٪ی کارەبا بۆ ماوەی سێ مانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارەکە لەسەر نووسراوێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دراوە، کە داوای جێبەجێکردنی ئەو لێخۆشبوونەیان کردووە.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بە نووسراوێکی ئەنجومەنی پارێزگا داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە لێخۆشبوونی کارەبا دەستپێبکاتەوە و ئەوانیش رەزامەندیان داوە.

وتیشی، “ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن و داهاتیش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، تەنانەت پشتگیری ئەوە دەکەین لێخۆشبوونەکە بکرێت بە 25% و 50%”.

بۆ یەکەمجار حکومەتی هەرێم لە رێکەوتی 3.6.2021 بڕیاری لێخۆشبوونی هاوبەشانی کارەبا بە رێژەی 15% دەرکرد و لەوکاتەشەوە ساڵانە ئەو بڕیارە دەردەکرێت و تا ئێستا چەند جارێکیش وادەکەی درێژ کراوەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا