ئاگر بڕەكەكانی گۆیژە گەورەتر دەكرێن
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەھۆی ئەو ئاگرەی لە چەند رۆژی رابردوو لە دەوروبەری شاخی گۆیژە کەوتەوە، دارستان و پاوانی سلێمانی ھەڵمەتێکی گەورەکردنی ئاگربڕەکانی شاخی گۆیژەیان دەست پێکرد.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سووتانی دارستانی سروشتی شاخی گۆیژە، دارستان و پاوانی سلێمانی لە رێگەی ئامێری کشتوکاڵی و دەرمان ئاگر بڕی شاخی گۆیژەیان نوێکردووەتەوە.
ھاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە 964ـی وت، لە ساڵی 2021 ەوە ھەڵمەتی سەوزکردنی شاخی گۆیژە دەستیپێکردووە و بۆ پاراستنی سیاج بۆ شاخەکە کراوە.
ئێستاش رووبەری ئاگر بڕەکانی ئەو شاخە گەورەتر دەکرێت، بۆ ھەر حاڵەتێکی ئاگر کەوتنەوە، بۆ ئەوەی تەشەنە نەسێنێت و بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
رووبەری دارستانی شاخی گۆیژە دوو ھەزار و 80 دۆنم پێکھاتووەو داری مازو و بەڕوو سنەوبەر و چەندین جۆر داری دیكەی لێیە.
شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ و دۆڵەرووت سێ شاخی نزیكی شاری سلێمانین، سلێمانی دەكەوێتە دامێنی ئەو سێ شاخەوە، سەر سەوز و پڕدار وباری جیاوازن، سنەوبەر و مازو و بەڕوو پوشو پاوانێكی زۆری لێیە، چەندین كورسی بۆ دانیشتن لەلایەن شارەوانیەوە دروستكراون، شەوانە گەشتیارانی نێوخۆی و دەرەكی سەردانی دەكەن و دەڕوانن بەسەر سلێمانیدا.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد