"ناخۆشە تەمەنی کارە هونەرییەکانت لە تەمەنی خۆت کورتتر بێ"

دوو پەیکەر بوونە قوربانی بینایەک؛ درزیان بردووە و زیانیان پێگەیشتووە

رازاو محەمەد – سلێمانی

دروستکردنی باڵەخانەیەک لە سلێمانی جێگای بە دوو پەیکەری کەسایەتییە کوردەکان لێژ دەكات و زیانیان پێدەگەیەنێت.

باڵەخانەکە لە شوێنی شارەوانی کۆنی سلێمانی دروست دەکرێت، دوو پەیکەری مستەفا پاشای یاموڵکی مێژوونووس و شۆڕشگێڕ و شەهید دڵشاد مەریوانی کە لەلایەن چینەر نزارەوە دروست کراون، کە لە کاتی رووخاندنی بیناکە و بنیاتنانەوەی، درزیان بردووە و تاوەکو ئێستاش شوێنێکی دیکەیان بۆ دانانەوەیان دیاری نەکراوە.

چێنەر نزار پەیکەرساز بە 964ـی وت، “لە کاتی دروستکردنی بیناکەدا پەیکەرەکان درزیان بردووە، بەڵام ئەوەی کە زیاتر بێتاقەتی کردووم ئەوەیە کە، تەمەنی کارە هونەرییەکانت لە تەمەنی خۆت کورتتر بێت”.

وەک خۆی دەڵێت، پێش دەستپێکردنی ئیش لە بیناکە، ئاگادار نەکراونەتەوە و دوای ئەوەی پەیکەرەکان زیانیان بەركەوتووە، پەیوەندی پێوە کراوە.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ ئەنجومەن حەسەن وتەبێژی شارەوانی سلێمانی کرد، ئەو وتی، بۆ گواستنەوەی پەیکەرەکان دەبێ کەسوکاری ئەو دوو کەسایەتییەی کە پەیکەرەکانیان لەبەردەم ئەو بینایە دانراوە داواکاری پێشکەش شارەوانی بکەن و تا ئێستاش هیچ داواکارییەکیان پێ نەگەیشتووە.

ئەنجومەن حەسەن دڵنیایی دا لەوەی کە پەیکەرەکان لەناوناچن و نافەوتێن، وتیشی، هەرکاتێک داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی شارەوانی بکرێت، بە پێی رێکارە فەرمییەکان شوێنێکی جێگرەوە بۆ پەیکەرەکان دابین دەکرێت.

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، دانانی پەیکەر لەناو شار پێویستی بە رەزامەندی و مۆڵەتی پێشوەختە هەیە و دەبێت رێکارە هونەری و یاساییەکان جێبەجێ بکرێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری