زیاترە لە 831 ملیار دینار

پارەی موچەی مانگی 8 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم

شۆڕش قادری

پارەی موچەی مانگی 8 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم کە زیاترە لە  831 ملیار دینار.

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

جگە لەوەش بڕی شەش ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی ئاب نەنێردراوە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم راشیگەیاندووە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راستەوخۆ لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 8 دەکرێت.