لە پاریس
عێراق و فەرەنسا شەش رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
وریا فەتاح
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، شەش یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کران.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، رێککەوتنەکان بوارە جیاوازەکان دەگرنەوە، بەتایبەت لە رووی ئابووری، سەربازی، وزە و گواستنەوەوە، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. بەرگریی ئاسمانی: واژۆکردنی نامەی نیازپاكی لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و کۆمپانیای (هەرمەتان – Harmattan)ی فەرەنسی بۆ زیرەکیی دەستکرد، بەمەبەستی هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا.
2. پڕچەککردنی سەربازی: ڕاگەیاندنی نیازپاكی لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی سوپای فەرەنسا، بۆ دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی فەرەنسی بۆ عێراق لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانا بەرگرییەکانی عێراق.
3. لاوان و داهێنان: راگەیاندنی هاوبەشی لە نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و فەرەنسا بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان، توێژینەوە و داهێنان.
4. پەرەپێدان: راگەیاندنی نیازپاكی لە نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی (AFD).
5. وزە و غاز: واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی هاوکاری بۆ گرێبەستی دابینکردن و کڕینی غاز لە نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجی – TotalEnergies).
6. فڕۆکەوانیی مەدەنی: ڕاگەیاندنی نیازپاكی بۆ هاوکاری لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنیدا لە نێوان وەزارەتەکانی گواستنەوەی عێراق و فەرەنسا.
ئەم رێککەوتنانە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا.