لە سلێمانی
چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا
پەری ساڵح
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلولی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا چووە قۆناغێکی نوێوە و لە رێگەی تیروپشکێکی ئەلیکترۆنییەوە چوار هەزار پارچە زەویی دیکە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا.
پرۆسەی تیروپشکەکە بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و نوێنەرانی فەرمانگەکانی شارەکە بەڕێوەچوو، تیروپشکەکە زەوییەکانی لە پێگەکانی (1 و 3)ی داربەڕوولە و پێگەی (20)ی بەردەکەڕ لە تەنیشت شاری لاوان گرتەوە.
بۆ بینینی لیستی ناوەکان کلیک لێرە بکە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، بەرپێشچوونی ئەم قۆناغە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ماوەی رابردوودا بە چەند قۆناغێک 23 هەزار پارچە زەویی دیکە لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەشکراون.
لیژنەی دابەشکردنی زەوی و شارەوانیی سلێمانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دڵنیا دەکەنەوە کە مافی هەموو فەرمانبەرێک پارێزراوە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی بەردەوام بەپێی لیستی فەرمیی دامەزراوە حکومییەکان تا سوودمەندبوونی تەواوی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت.