ژمارەیەک کرێکار لە کارگەیەکی ئاسن کار دەکەن - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
وەزیر وا دەڵێ
“کرێکاران ستەمیان لێکرا با وەزارەتی کار ئاگاداربکەنەوە”
ئەحمەد مستەفا
لە هەرێمی کوردستان 350 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتیان کردووە، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێ، کرێکار هەبووە لەلایەن خاوەنکار ئازاری جەستەیی دراوە، ئەوان خاوەن کارەکەیان داوە بە دادگا.
ئەو داوای کرد، کرێکاران لە هەرێمی کوردستان روبەررووی ستەم و نادادپەروەرییەک بوونەوە پێیان بڵێن.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەرمیان بوو، لەوێ قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی، تا ئێستا 350 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون، ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی کۆی گشتیی کرێکاران نەگۆڕ و دیاریکراو نییە، بەڵکو بەردەوام بەپێی کات لە زیادبوون و کەمبووندایە.
لەبارەی کرێکار و مامەڵەی خاوەنکاران لەگەڵیان، باسی لەوەکرد، حاڵەت هەبووە خاوەنکار دەستدرێژیی کردووەتە سەر کرێکارەکەی و لێیداوە، لە بەرامبەردا ئەوان دۆسیەکەیان ئاراستەی دادگا کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
کوێستان محەمەد داوای لە تەواوی کرێکاران کرد، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ستەم و نادادپەروەرییەک لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە، راستەوخۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادار بکەنەوە تا رێوشوێنی پێویست دژی پێشێلکاران پەیڕەو بکرێت.